رووداو دیجیتاڵ
37 کاژێرە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەدوای ئەو سێ منداڵەدا دەگەڕێن کە لە گەلی عەلی بەگ کەوتنە نێو ئاوەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە سێ منداڵەکە و نە ئۆتۆمبێلەکەیش نەدۆزراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 03ـی نیسانی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەڕان بەدوای ئەو سێ منداڵەی شەوی 1 لەسەر 2ـی ئایار کەوتنە نێو گەلی عەلی بەگ بەردەوامە. تیمەکانی سۆران، مێرگەسۆر، ئاکرێ و هەولێر بە نزیکەی 100 کارمەند شەو و رۆژ بەدوای ئەو سێ کەسەدا دەگەڕێن، بەڵام جارێ هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەشیان نەدۆزیوەتەوە و گوتی: "ئێستا هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزینەوە."
لەبارەی شێوازی گەڕانەکە، کاروان میراودەلی گوتی، هەموو رێگەیەکیان تاقی کردووەتەوە "بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سوودێکی نەبووە."
