رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 9 ساڵە لێبووردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەرنەکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێ، یاسای لێبووردنی گشتییان ئامادەیە و بە پەسندکردنی، زیاتر لە نیوەی حوکمدراوان ئازاد دەکرێن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەش هەزار و 57 حوکمدراو لە هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن و سزاکانیان بەسەر دەبەن".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی، زۆرینەیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزادراوان کە ژمارەیان هەزار و 849 کەسە؛ هەروەها لە کۆی سزادراوان 532 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن. هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن. بەگوێرەی چاکسازییەکان، هەموویان زیاتر لە توانای خۆیان سزادراویان تێدایە.
یاسای لێبووردنی گشتیی چاوەڕێی پەرلەمانە
دوایین جار لە 17-12-2017ـدا پەرلەمانی کوردستان لێبووردنی گشتی بۆ سزادراون دەرکرد و ژمارەیەکیان بەگوێرەی مەرجەکان ئازاد کران. ئەو لێبووردنە تەنیا بۆ ئەو سزادراوانە کارابوو ئەوکات لە زینداندابوون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "لێبووردنی گشتی بەپێویست دەزانین و پڕۆژەیاسای تایبەت بە لێبووردنی گشتیمان ئامادەیە و نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەوەی ماوە کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستانە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کێن ئەوانەی بەگوێرەی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد دەکرێن، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "لە شەش هەزار حوکمدراو، پێشبینی دەکەین چوار هەزاریان بە یاساکە ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان".
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەو کەسانەی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە ئاشتەوایی (سوڵح)یان هەیە و ئەوانەشی مافی گشتییان لەسەر نییە؛ گوتیشی: "ئامانجمان کەمکردنەوەی زیندانییەکانە لە چاکسازییەکان و پێدانی دەرفەتێک بەو کەسانەی مەرجیان تێدایە".
