رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە کوالێتیی هەوا لە چوار شاری گەورە دابەزیوە. هۆشداریش دەدرێتە منداڵان و بەساڵاچووان کە تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
رۆژی دووشەممە، 04-03-2026، کەژاڵ حەبیبزادە، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کەشناسیی سنە، رایگەیاند، "لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە پارێزگای سنە کردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی سبەی سێشەممە بەردەوام بێت."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەشناسی، بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەکەوە، کوالێتیی هەوا و مەودای بینین لە شارەکانی (سنە، مەریوان، سەقز و کامێران) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
راشیگەیاند، "بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان، هەوای ئەو چوار شارەی پارێزگاکە لە ئاستی هۆشداریدایە."
کەژاڵ حەبیبزادە هۆشداریی دا کە ئەم کەشوهەوایە بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەک رەبوو و دڵیان هەیە مەترسیدارە. داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی چوونەدەرەوەی زۆر پێویستدا، دەمامک بەکاربهێنن.
پیسبوونی هەوا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە نزیکەی 50 هەزار کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی کاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
