رووداو دیجیتاڵ
هێز و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان و کریستیان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوەی سیستەمی پێشووی کورسییەکانی کۆتا دەکەن. داواش دەکەن تەنیا پێکهاتەکان خۆیان مافی دەنگدانیان هەبێت بۆ نوێنەرەکانیان.
رۆژی دووشەممە، 04-05-2026، هێز، پارت و دامەزراوە سیاسییەکانی پێکهاتەی کریستیان (کلدان، سریانی-ئارامی، ئاشووری و ئەرمەنی) و پێکهاتەی تورکمان، لە سەنتەری ئەکادیمی کۆمەڵایەتی لە عەنکاوە کۆبوونەوەیەکی فراوانیان سازکرد و تێیدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
"پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەستوور بنووسرێتەوە"
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا جەخت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک "دەسەڵاتێکی یاسادانانی دەستووری" کراوەتەوە. پێکهاتەکان داوا دەکەن لە پێناو سەقامگیری سیاسی و پاراستنی داهاتووی هەرێمی کوردستان، دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و پەلە بکرێت لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
داوای گەڕانەوەی 11 کورسییەکەی کۆتا دەکرێت
خاڵێکی دیکەی سەرەکی کۆبوونەوەکە، پرسی کورسییەکانی پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانی کوردستان.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
ئامادەبووان داوایان کرد ژمارەی کورسییەکان بۆ دۆخی پێشووی بگەڕێندرێتەوە کە 11 کورسی بوو (6 بۆ کریستیانەکان و 5 بۆ تورکمان).
بۆ مسۆگەرکردنی "نوێنەرایەتییەکی راستەقینە"، پێکهاتەکان داوا دەکەن:
- دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتا تەنیا لەلایەن رۆڵەکانی پێکهاتەکان خۆیانەوە بێت.
- تۆمارێکی تایبەتی دەنگدەران بۆ هاونیشتمانیانی کریستیان و تورکمان دروست بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە دەبێت پێکهاتەکانی کریستیان و تورکمان بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەسەر بنەمای "شایستەی هەڵبژاردن و شەراکەتی نیشتمانی".
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پەیامەکەیان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە بەغدا کردووە، بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا شاندێکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتییەکانی کوردستان و عێراق، بە مەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان و چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانیان.
