رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، "کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی" دەستپێدەکات. شارەوانیی گەورەی ئامەد، کە رێکخەری چالاکییەکەیە، داوەتنامەی فەرمی بۆ پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا ناردووە.
کۆڕبەندەکە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت. ئایشە سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد دەڵێت، ئامانج لێی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی کورد و تورکە لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا.
سێرا بوجاک رایگەیاند، بۆ ئەم کۆڕبەندە سەردانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانیان کردووە و داوەتنامەیان بۆ ناردوون، لەوانەش؛ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە). هەروەها گوتی: "داوەتی فەرمیمان بۆ پارێزگارەکانی هەولێر و دهۆکیش ناردووە."
لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا، بڕیارە زیاتر لە 40 وۆرکشۆپ و پانێڵ لەگەڵ چەندین چالاکیی کولتووری و هونەری لە شوێنە جیاوازەکانی ئامەد بەڕێوەبچن.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
کارکردن بۆ ئەم کۆڕبەندە لە ئابی 2024ـەوە دەستیپێکردووە.
هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد جەخت لە گرنگیی رۆڵی شارەوانییەکان دەکاتەوە لە پرۆسەی ئاشتیدا و دەڵێت: "ئەو پرۆسەیەی ماوەی ساڵ و نیوێکە لە وڵاتدا دەستیپێکردووە، پێویستە لەلایەن حکومەتە خۆجێییەکانیشەوە پشتیوانی بکرێت، چونکە خواستی ئاشتی واتە خواستی یەکسانی و دادپەروەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی."
بوجاک ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم کۆڕبەندەوە ئاشتی ببەنە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و دەڵێت: "لە کۆمەڵگەدا دۆخێکی دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی هەیە. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی وۆرکشۆپ و پانێڵەکانەوە لە یەکدی نزیک ببینەوە، گوێ لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان بگرین و لەگەڵ ئەزموونی خۆمان بەراوردیان بکەین."
بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی کۆڕبەندەکە تایبەت دەبێت بە رەهەندی یاسایی و دەستووری. سێرا بوجاک دەڵێت: "دەمانەوێت پەیوەندیی کورد و تورک لەسەر بنەمای دەستووری گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی کەسانی ئەکادیمی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پرۆسەکەمان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژە و بیرۆکەکانیان لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش بکەن."
