رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی سنووریی کانیاخەزالان (ئاکچاکالە) سەر بە پارێزگای رووها کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان (تورکیا-سووریا)، دوای 12 ساڵ ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەڕووی گەشتیار و بازرگاناندا دەکرێتەوە.
پارێزگای رووها رایگەیاند، بەپێی ڕێنوێنییە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دەروازەی سنووریی کانیاخەزالان رۆژی سێشەممە 12ـی ئایاری 2026 بە فەرمی دەکرێتەوە.
ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە داخرابوو. بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای رووها، هاووڵاتییانی تورکیا، ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەی خاوەنی دوو ناسنامەن و ئەو کەسانەی لە تورکیا مۆڵەتی نیشتەجێبوون یان مۆڵەتی کاریان هەیە، دەتوانن بە پاسپۆرتەکانیان لە دەروازەی سنووریی کانیاخەزالان هاتووچۆ بکەن.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای رووهادا هاتووە، ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەی لەژێر "پاراستنی کاتی"دان، داواکارییەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی، پرسە و هاتووچۆی دیکە، لەلایەن (ناوەندی هاوئاهەنگی و یارمەتیی مرۆیی پارێزگا)وە هەڵدەسەنگێندرێن.
دەروازەی سنووریی کانیاخەزالان راستەوخۆ بەرامبەر شارۆچکەی گرێ سپیی رۆژئاوای کوردستانە، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و حکومەتی کاتیی سووریادایە.
