رووداو دیجیتاڵ
مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەهۆی هەڵوێستی حکومەتی تورکیاوە گەیشتووەتە بنبەست. دەشڵێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لە گۆڕینی ناوی پەکەکە بۆ "بزووتنەوەی ئاپۆیی" دەکەن، تەنیا پڕوپاگەندەن و "ئێمە 50 ساڵە ئاپۆچین."
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە هەڤپەیڤینێکدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و بارودۆخی ناوچەکە.
قەرەسوو رایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی لە 27ی شوباتی 2025ـەوە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەستیپێکردووە، بەهۆی هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە بەرەو پێش نەچووە. گوتیشی، "دەوڵەت باخچەلی قسەی باش دەکات، بەڵام ئەردۆغان و حکومەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن."
سەبارەت بە پرسی چەکدانان، ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەریی کەجەکە گوتی، "ئێمە لە شاخین و بۆ پاراستنی خۆمان چەکمان پێیە. کۆتاییمان بە شەڕ دژ بە تورکیا هێناوە، بەڵام دەبێت زەوینەی دیموکراسی و یاسایی بێتە کایەوە."
قەرەسوو پێیوایە، دەبێت ستاتۆی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان روون بکرێتەوە و وەک "موخاتەبێکی فەرمی" بناسرێت، هەروەها رێگەی پێ بدرێت بە ئازادانە لەگەڵ میدیاکان و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
لەبارەی چەمکی "ئینتیگراسیۆن" یان تێکەڵبوونەوە، کە ئۆجەلان باسی کردووە، قەرەسوو روونیکردەوە، "مەبەست لێی توانەوەی کورد نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو دابڕانە 100 ساڵەی بەهۆی نکۆڵیکردن لە کورد دروستبووە. ئەمەش تەنیا بە ناسینی ناسنامە، زمان و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە دەستووردا دەکرێت."
قەرەسوو بە تووندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچە کوردییەکان و لادانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ فەرمییەکان بە "عەقڵییەتی جینۆساید" ناوبرد. داواشی لە گەلی کورد کرد لەو ناوچانە راپەڕن و خاوەندارێتی لە شوناسی خۆیان بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دیمەشق لاسایی سیاسەتە کۆنەکانی تورکیا دەکاتەوە.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گۆڕینی ناوی پەکەکە بۆ "بزووتنەوەی ئاپۆیی" دەکەن، قەرەسوو گوتی، "هیچ رێکخراوێکی نوێ دانەمەزراوە. ئێمە لە یەکەم رۆژی دەرکەوتنمانەوە وەک ئاپۆیییەکان ناسراوین و شانازیی پێوە دەکەین. ئەم دەنگۆیانە تەنیا پڕوپاگەندەی نەیارانی پرۆسەکەن، ئێمە 50 ساڵە ئاپۆچین و ئێستاش هەر ئاپۆچین."
