رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک دەڵێ، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزنی تورکیا کەسێک نییە پێویست بکات وەڵامی بدرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامەدسپۆر یانەیەکی کوردستانییە و مێژووش نکۆڵی لەمە نەکردووە.
دوای ئەوەی ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین گوتی: "دڵخۆشم بەوەی یانەیەکی کوردستان گەیشتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)"، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن هێرشی کردە سەری.
رۆژی دووشەممە 11-5-2026 مستەفا دەستجی، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر گوتەکانی ئەحمەد تورک گوتی:"کوردستانی چی، کوڕە؟ ئێرە کۆماری تورکیایە."
ئەحمەد تورک ئێوارەی سێشەممە 12-5-2026 پرسیاری لەبارەی ئەو گوتەیەی دەستیجی ئاراستە کرا و لە وەڵامدا گوتی:"کوردستان دەستەواژەیەکی جوگرافییە و ناوچەیەکە، لە مێژوودا پێگەی هەیە. لە سەلجووقییەکانەوە بیگرە تاوەکو عوسمانییەکان، هیچ کەسێک نکۆڵی لەمە نەکردووە. کوردستان شوێنێکە و خەڵکێکی تێدا دەژی".
ئەحمەد تورک روونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کاتێک دەڵێن کوردستان، تەنیا مەبەستیان کورد نییە، بەڵکو سریانی، عەرەب، ئەرمەن و نەتەوەی دیکەش لەم خاکەدا دەژین و ئەوانە خەڵکی کوردستانن.
لەبارەی ئەوەی کە ئامەدسپۆری بە یانەیەکی کوردستان ناوبردووە، ئەحمەد تورک گوتی:"بێگومان ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە و چووەتە سوپەرلیگی تورکیا. ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە. بەڵام دواجار رۆحێکی کوردستانی لە مرۆڤەکاندایە. گۆرانییەکان کوردین، دروشمەکان کوردین. باشە خۆ ئەمە رەنگدانەوەی زمان و کولتووری گەلێکە لە وەرزش. دەبێ ئەمە قبووڵ بکرێ. ئەگەر ئێوە ئەمە قبووڵ نەکەن، هیچ کاتێک ناتوانن ئاشتی دەستەبەر بکەن".
ئەحمەد تورک لەبارەی مستەفا دەستیجی گوتی:"من مستەفا دەستیجی بە جیدی وەرناگرم. ئەو کەسێک نییە وەڵامی بدرێتەوە. من 50 ساڵە سیاسەت دەکەم. چەند جارێک سکاڵای ئەندامیەتیی پەکەکەم لەسەر تۆمارکرا. سکاڵای سیاسیم لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام 50 ساڵە هیچ سکاڵایەکی تایبەت بە سووکایەتی لەسەر من تۆمار نەکراوە، چونکە سووکایەتیم بە هیچ کەسێک نەکردووە.
