رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دا، ستایشی رۆڵی "مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان" دەکات و رایدەگەیێنێت، "مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی پاراستنی ناسنامە و زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بوون."
رۆژی هەینی، 15-05-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 64ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. تێیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ سکرتارییەتی یەکێتییەکە و تەواوی مامۆستایانی کوردستان خواست لە جێبەجێکردنی "پەیامە پیرۆزەکەیاندا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، مامۆستایان لە سەردەمی شۆڕشدا "سەنگەری هۆشیاری" بوون و لە رۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادیشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگریی خۆیان، رێگەیان نەدا پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن پەکبکەوێت.
نێچیرڤان بارزانی، مامۆستایانی بە "کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگە" ناوبرد و رایگەیاند: "برەودان بە تواناکانی مامۆستایان، وەبەرهێنانی راستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی مامۆستایان دووپاتکردەوە و گوتی: "جارێکی تر جەخت لە هەموو پشتگیرییەکم بۆ داوا رەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستایان دەکەمەوە، کە لەگەڵ ئەرک و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت."
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کرد کە لە مێژووی خۆیدا وەک "چەترێک بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان" کاریکردووە. هەروەها سڵاو و دروودی بۆ گیانی ئەو مامۆستایانە نارد کە تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.